Add parallel Print Page Options

خودا تاشەبەردە، کردارەکانی تەواوە،
    چونکە هەموو ڕێگاکانی دادپەروەرییە،
خودایەکی دڵسۆزە، ستەمکاری تێدا نییە،
    ئەو ڕاستودروست و دادپەروەرە.

لە ڕەفتاردا گەندەڵ بوون لە بەرامبەر ئەو
    چونکە لەکەدارن، کچ و کوڕی ئەو نین، کەموکوڕییان ئەوەیە،
    نەوەیەکی چەوت و خوارن.
ئایا بەم شێوەیە پاداشتی یەزدان دەدەنەوە،
    ئەی گەلی گێل و نادانا؟
ئایا ئەو باوک و دروستکەرتان نییە،
    ئەوەی دروستی کردن و پێکی هێنان؟

یادی ڕۆژانی دێرین بکەنەوە،
    لە ساڵانی نەوەکانی پێشوو وردبنەوە،
لە باوکتان بپرسن پێتان ڕادەگەیەنێت،
    لە پیرانتان بپرسن پێتان دەڵێن.
کاتێک خودای هەرەبەرز نەتەوەکانی بەش بەش کرد،
    کاتێک نەوەی ئادەمی دابەش کرد،
سنووری بۆ گەلان دانا،
    بەگوێرەی ژمارەی نەوەی ئیسرائیل.
بەشی یەزدان گەلەکەیەتی،
    یاقوب بەشی میراتەکەیەتی.

10 لە خاکێکی چۆڵ دۆزییەوە،
    لە چۆڵەوانییەکی ترسناک و وێراندا،
دەوری دا و بایەخی پێیدا،
    وەک گلێنەی چاوی پاراستی.
11 وەک هەڵۆ هێلانەی خۆی دەهەژێنێت،
    لەسەر بێچووەکانی باڵەفڕکێ دەکات،
باڵەکانی لێک دەکاتەوە و دەیبات،
    لەسەر شاپەڕەکانی هەڵیدەگرێت.
12 ئاوا یەزدان بە تەنها ڕابەرایەتی کرد،
    هیچ خوداوەندێکی بێگانەی لەگەڵ نەبوو.

13 سواری بەرزاییەکانی زەوی کرد،
    لە بەروبوومی دەشتودەری خوارد،
لە تاشەبەردەوە هەنگوینی دەرخوارد دا،
    زەیتیش لە بەردەئەستێوە.
14 دەڵەمە[a] و شیری مەڕوماڵات،
    لەگەڵ دوگی[b] بەرخ و
بەرانی باشان و تەگە[c]،
    لەگەڵ چەوری ناوکی گەنم.
تۆ لە خوێنی ترێ شەرابت خواردەوە.

15 نەوەی ئیسرائیلی سەرڕاست[d] قەڵەو بوون و جووتەیان وەشاند،
    قەڵەو بوون و پڕ بوون و بە پیو[e] داپۆشران.
ئیتر پشتیان کردە ئەو خودایەی کە دروستی کردبوون،
    تاشەبەردی ڕزگارییەکەیان ڕەتکردەوە.
16 ئیرەییان[f] وروژاند بە پەرستنی خودا بێگانەکانیان و
    بە بتە قێزەونەکان پەستیان کرد.
17 بۆ بتەکان[g] کە خودا نین قوربانییان سەربڕی،
    چەند خودایەک نەیانناسیون،
    تازەن و بەم زووانە دەرکەوتوون،
    کە باوکانتان لێیان نەترساون.
18 ئەو تاشەبەردەی ئێوەی بوو وازتان لێ هێنا،
    ئەو خودایەی لەدایکبوونی پێداین لەبیرتان کرد.

19 جا یەزدان بینی و ڕەتی کردنەوە،
    لەبەر ئەوە تووڕە بوو بەهۆی کچەکانی و کوڕەکانی.
20 فەرمووی، «ڕووی خۆم لێیان دەشارمەوە،
    سەیر دەکەم کۆتاییان چی دەبێت،
ئەوانە نەوەیەکی هەڵگەڕاوەن،
    ئەو کوڕانە دەستپاکیان تێدا نییە.
21 ئەوان بەوانەی خودا نین ئیرەییان وروژاندم،
    بە بتە پووچەکانیان پەستیان کردم،
منیش وایان لێدەکەم ئیرەیی بەوانە ببەن کە گەل نین،
    بە نەتەوەیەکی گێل پەستیان دەکەم.
22 چونکە بە تووڕەییم ئاگرێک داگیرساوە،
    گڕ دەگرێت هەتا جیهانی مردووانی ژێرەوە،
زەوی و خەرمانەکەی دەخوات،
    بناغەکانی چیاکان دەسووتێنێت.

23 «کارەساتیان بەسەردا کۆدەکەمەوە،
    تیرەکانم لەواندا دەچەقێنم.
24 کاتێک لە برسان کەوتوون،
    پەکیان کەوتووە لەبەر تا و پەتای فەوتێنەر،
ددانی دڕندە دەنێرمە سەریان،
    لەگەڵ ژەهری مارە خشۆکەکان.
25 لە دەرەوە شمشێر جەرگیان دەسووتێنێت و
    لەناو ماڵەوەشیان تۆقین،
کوڕی گەنج و پاکیزە لەناودەچن،
    منداڵی شیرەخۆر لەگەڵ پیاوی پیر.
26 فەرمووم: ”پەرتەوازەیان دەکەم،
    یادیان لەنێو خەڵکی دەسڕمەوە.“
27 بەڵام لەوە ترسام کە دوژمن پەستم بکات،
    کە لەوانەیە دوژمنانیان تێنەگەن،
نەوەک بڵێن: ”خۆمان باڵادەست بووین،
    یەزدان هەموو ئەمانەی نەکردووە.“»

28 ئەوان نەتەوەیەکن ڕاوێژ لێ بڕاون،
    کوا تێگەیشتنیش لەناویان؟
29 خۆزگە دانا دەبوون و لەمە تێدەگەیشتن و
    کۆتاییەکەیان لەبەرچاو دەگرت.
30 چۆن یەکێک هەزار ڕاو دەنێت و
    دووان دە هەزار تێکدەشکێنن،
ئەگەر تاشەبەردەکەیان[h] ئەوانی نەفرۆشتبێت[i]،
    یەزدان بەدەستەوەی نەدابن.
31 چونکە تاشەبەردیان وەک تاشەبەردی ئێمە[j] نییە،
    تەنانەت دوژمنانیشمان دانی پێدا دەنێن.

Read full chapter

Footnotes

  1. 32‏:14 یان دەرەمە، قۆناغی پێش دروستبوونی پەنیر.‏
  2. 32‏:14 دوگ یان دونگ.‏
  3. 32‏:14 نێری، سابرێن.‏
  4. 32‏:15 عیبری یەشوروون‏: بە واتای سەرڕاست یان دادپەروەر دێت، وەکو نازناوێک بۆ گەلی ئیسرائیل بەکارهاتووە.‏
  5. 32‏:15 پیو: واتە بەز، لێرە و لە ئایەتی 38.‏
  6. 32‏:16 ئیرەیی: واتای هەڵوێستی توندی خودا بەرامبەر بە بتپەرستی، چونکە خودا دەیەوێت تەنها ئەو بپەرسترێت.‏
  7. 32‏:17 بتەکان: بە واتای ڕۆحە پیسەکان.‏
  8. 32‏:30 تاشەبەردەکەیان: ڕەوانبێژی لێکچواندنە، مەبەستی یەزدانە. بڕوانە ئایەتی 4.‏
  9. 32‏:30 نەفرۆشتبێت: مەبەستی سزادانیانە لەبەر شکاندنی پەیمانەکەیان. بڕوانە ئایەتەکانی 18 و 19.‏
  10. 32‏:31 تاشەبەردی ئێمە: مەبەستی لە یەزدانە.‏